بریکاری وەزارەت پێشوازیی لە ڕاوێژکاری نوێی هێزەکانی ئەمریکا کرد
ڕۆژی ٢٤ی تەمووزی ٢٠٢٣، عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، لە دیوانی وەزارەت پێشوازیی لە کۆڵۆنێڵ میشێڵ گاچێرۆ، ڕاوێژکاری نوێی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و ئەنتۆنی سینۆت، ڕاوێژکاری وەزیری بەرگریی ئەمریکا و شاندێکی یاوەریی کرد.
لەو دیدارەدا، کە لیوا ڕوکن هۆشمەند حەیدەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە ئامادەی بوو، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، بەخێرهاتنی کۆڵۆنێڵ میشێڵی کرد و ئامادەییی وەزارەتی دەربڕی بۆ هاوکاری و هەماهەنگیی دوولایەنە بۆ سەرخستن و جێبەجێکردنی پڕۆژەیاسای چاکسازی لە ناو هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا، هاوکات بریکاری وەزارەت ڕۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕاوێژکارانی ئەمریکای لە هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند لە هاوکاری و هەماهەنگیی بەردەوامیان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە.
کۆڵۆنێڵ میشێڵ، وێڕای خۆناساندنی وەک ڕاوێژکاری نوێی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، هاوکات سوپاسی بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی کرد و گوتی: ئامانجی ئێمە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگەیە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە و پڕۆگرامی چاکسازی لە وەزارەت و یەکخستنەوەی هێزە جیاوازەکان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە.