Skip to the content

سەرۆکی ئەرکان پێشوازیی لە جێگری فەرماندەی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کرد

هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هاوپەیمانان، فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن، بەردەوامبوون لە هاریکاریکردنی هێزی پێشمەرگە بۆ گەشەپێدان و زیادکردنی ژمارەی فرقەکان، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکی ئەرکان و جەنەڕاڵ پیتەرس، جێگری فەرماندەی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا بوو.

ڕۆژی ١١ی تەممووزی ٢٠٢٣، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە دیوانی وەزارەت، پێشوازیی لە جەنەڕاڵ پیتەرس، جێگری فەرماندەی دەستەی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا، برەودان بە زیادکردنی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هاوکات بەردەوامیدان بە پڕۆسەی چاکسازی و باشترکردنی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن لە ڕێزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان خرایە بەر باس، هەردوو لا بە گرنگییەوە تیشکیان خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەئەنجامگەیاندنی بەرنامە و پلانی هاوبەش بۆ لەناوبردنی هزری توندڕەویی داعش و گرووپە تیرۆرستییەکان لە عێراق، هاوکات جەنەڕاڵ پیتەرس، خۆشحاڵیی خۆی پێشان دا بە هەوڵ و هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە پڕۆسەی چاکسازیی هێزەکان و ئاماژەی بەوە دا هاوپەیمانان گەشبینین بە ئەنجامی پڕۆژەیاسای چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە.

هەر لەمیانەی ئەو دیدارەدا سەرۆکی ئەرکان بەیاوەری لەگەڵ جێگری فەرماندەی دەستەی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لەعێراق وسوریا، بنکەی ئۆپەڕاسیۆنی هاوبەشی وەزارەتی بەسەرکردەوەو، لەنزیکەوە لەگەڵ ئەفسەران گفتوگۆیان لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارو ئەرکەکانی ئەم بەشە گرنگەی وەزارەت کردەوە، چەندین سەرنج و تێبینیش بۆ رایکردنی کاروبارەکانی ئەم بنکەیە خرایە ڕوو.