Skip to the content

پڕۆژەی سێ ساڵەی کۆمیتەی خاچی سوری نێودەوڵەتی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێ کرا

ڕۆژی ١٢ی تەمووزی ٢٠٢٣، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەت، بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و هۆشیاری، بەڕێوەبەری مەشقی سەربازی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی و بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت، پێشوازی کرد لە شاندێکی کۆمیتەی خاچی سوری نێودەوڵەتی، کە پێکهاتبوون لە ئانا هاڵفۆرد، بەرپرسی کۆمیتەی خاچی سوری نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان، کۆڵۆنێڵ ئۆلیڤێ دیلپاڵ نێردەی هێزە چەکدارەکان لە عێراق و لوقمان ڕەشید کاکەیی، ڕاوێژکاری ئەمنی و سەربازی لە هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەیەکدا، پرسی پڕۆژەی سێ ساڵەی خاچی سوری نێودەوڵەتی بۆ کارکردن لە ڕووی ناساندن و بەرفراوان کردنی یاساکانی مرۆیی لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا تاوتوێ کرا.

هەر لەم کۆبوونەوەیەدا، لەلایەن نێردەی خاچی سوری نێودەوڵەتییەوە تەواوی پڕۆژەکە بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو، کە هەماهەنگی و هاوکارییەکانی نێوان خاچی سوری نێودەوڵەتی و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە دەگەیەنێتە ئاستێکی باشتر و ڕاهێنەری نوێ بۆ وتنەوەی وانەکانی مەشقی تایبەت بە پرۆسەی ناساندنی یاساکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی ئامادە دەکرێن.