ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازیی لە شاندێکی سەربازیی ئەڵمانیای فیدراڵ کرد
ڕۆژی ١٠ی تەممووزی ٢٠٢٣، لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازیی لە شاندێکی سەربازیی وڵاتی ئەڵمانیای فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی کۆلۆنێل دێرک بۆلینگەری کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە پەیوەندييهكانى نێوان ئەڵمانیای فیدڕاڵ لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کرا و جەخت لە هاوکاری و هەماهەنگیی تیمی سەربازیی ئەڵمانیا لەگەڵ پێشمەرگە کرایەوە، بەتایبەتی لە بواری مەشق و ڕاهێناندا.
هەر لەو کۆبوونەوەیە تیشک خرایە سەر ڕەوشی سەربازی و ئەمنیی ناوچەکە، لەو بارەیەوە هەردوو لا هاوڕا بوون کە داعش هێشتا مەترسییە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانە، بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و بەردەوامیی پاڵپشتیی هاوپەیمانان بە پێویست زانرا.