Skip to the content

خولی خوێندنەوەی نەخشەی ئۆفلاین بۆ ئەفسەرانی لیوای٢٢ی پیادە کرایەوە

لە درێژەی پەرەپێدانی خوێندنەوەی نەخشەی (ئۆفلاین ماپس offline maps) بۆ ئامێرە زیرەکەکانی سیستەمی ئەندرۆید، ڕۆژی ٢٣ی تەممووزی٢٠٢٣، لیوای٢٢ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، بە هاوبەشی لەگەڵ بنکەی مەشقی پیادەی کەرکوک، خولێکی خوێندنەوەی نەخشەی ئۆفلاینی بۆ ئەفسەرانی فەوجی ٢ی لیوای ٢٢ی پیادە کردەوە.

خولەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، تیایدا وانەی تیۆری و پراکتیکی لەسەر خوێندنەوەی نەخشەی ئۆفلاین، لە لایەن بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانیی لیوای ٢٢ی پیادە، پێشکەش دەکرێن.

شایانی باسە، خولەکە تایبەتە بە چۆنیەتیی بەکارهێنانی ئەپی ئۆفلاین ماپس (offline maps) لەبارەی ڕێکخستن و پاراستنی دۆکیۆمێنتەکان و ئەو زانیارییە گرنگانەی، کە بۆ کاروباری سەربازی سوودی لێ وەردەگیرێت. هەروەها پاش تەواوبوونی خولەکە، بڕوانامەی بەشداربوون و ڕێبەری ئەپڵیکەیشنی نەخشەکە دەبەخشرێتە بەشداربووانی خولەکە.