سەرۆکی حکومەتی ههرێمی كوردستان سەردانی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات
ڕۆژی هەینی ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی هێزەکانی پێشمەرگەی لە میحوەری پردێ کرد بە مەبەستی بەسەرکردنەوە و هەواڵپرسین و پیرۆزبایی جەژنی قوربان .
لە گوتەیەکدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ستایشی خۆڕاگری و قوربانیدانی پێشمەرگەی کرد کە وەک هەمیشە بەرگری لە دەستکەوتە نیشتمانییەکان و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان دەکەن.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی دا کە هەرێمی کوردستان، هەمیشە پابەندە بە دەستوور و ئەو ڕێککەوتنانەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ واژۆ کراون و لە هەمانکاتدا، دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانیشی نابێت.
سەرۆکی حکومەت باسی لە کێشەی داگیرکردنی زەوی جووتیارانی کورد و تورکمانی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرد کە لەو بارەیەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ لە پەیوەندیدا بووە و داوایکردووە سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییە دەستوورییە دابنرێت و سەرۆک وەزیرانی فیدراڵیش، هەندێک ڕێکاری گرتەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە .
سەرۆکی حکومەت جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەی ئەو ناوچانەی کە لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ی دەستووردان کردەوە .