Skip to the content

شاندێکی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا سەردانی نەخۆشخانەی پێشمەرگەیان کرد

ڕۆژی ۱۷ ی تەمووزی ۲۰۲۳، لیوای ئەندازیار نەبەز سەڵاح سدیق، بەڕێوبەری چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە نوێنەرایەتیی سەرۆکایەتیی ئەرکان و ستافی نەخۆشخانەی پێشمەرگە، پێشوازیی لە کۆڵۆنێڵ پایسکە، نوێنەری وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا بۆ پڕۆژەکانی وڵاتی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان و مارکۆس نوێنەری ڕێکخراوی (GIZ) و ژمارەیەک لە ڕاویژکارانی تیمی بونیادنانەوەی تواناکان لە هەرێمی کوردستان کرد.

لەم سەردانەیاندا، شاندی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا و تیمی ڕاوێژکارانی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان، پلانی کورتمەودا و درێژمەودایان بۆ نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە داهاتوودا و پێداویستییەکانی نەخۆشخانەکە خستە ڕوو، هاوکات گیروگرفتەکانی بەردەم کاروباری نەخۆشخانە و کەموکوڕییەکانیان دەستنیشان کرد. 

لە تەوەرەیەکی دیکەی ئەم سەردانەدا، گفتوگۆیان لەسەر چۆنیەتیی بەرەوپێشبردن و برەودان بە نەخۆشخانەی پێشمەرگە، لەڕووی چارەسەرکردنی نەخۆش و نەشتەرگەریی گشتی لە داهاتوودا کرد.

بەڕێوبەری چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ناوی وەزارەتەوە، ستایشی ڕۆڵ و ئه‌ركی هێزەکانی ئەڵمانیای کرد و پشتیوانییە به‌رده‌وامه‌كانی ئەڵمانیای بۆ نەخۆشخانەی پێشمەرگە بەرز نرخاند و ڕایگەیاند: "وڵاتی ئەڵمانیا هەمیشە هاوکار و پاڵپشتیکار بووە  لە پرۆسەی مەشق و ڕاهێنان و پێشخستنی کەرتی تەندروستی لە وەزارەتی پێشمەرگە".