Skip to the content

لیژنەی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و كارتێكارە عەقڵییەکان کۆ بوونەوە

ڕۆژی ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٣، بۆ جاری چوارەم، لیژنەی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان، بە سەرۆکایەتیی حاکم کوردەوان نەقشبەندی، سەرۆکی دادگای سەربازیی یەک و ئەندامیەتیی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن، بەڕێوەبەری هۆشیاریی نیشتیمانی، نوێنەری هەریەك لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەواڵگری سەربازی، فەرمانگەی یاسایی، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پزیشکیی گشتی، لە وەزارەتی پێشمەرگە کۆ بوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، دوای گفتوگۆیەکی ورد و کۆکردنەوەی ڕا و پێشنیارەکانی کۆبوونەوەکانی پێشووتر، لیژنەکە ڕاپۆرتێکی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، بۆ وەزارەتی پێشمەرگە ئامادە کردووە، کە تیایدا هۆکار و چارەسەر و ڕێکار و میکانیزمی چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی ئەم بابەتەیان لە ڕووی هۆشیاری و لایەنەکانی تری بەرەنگاربوونەوە خستووەتە ڕوو، بۆ ئەمەش چەند بەش و یەکەیەکی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە هاوکار و هەماهەنگ دەبن بۆ بەرەنگاربوونەوە و ڕێگریکردن لەم بابەتە لە ناو یەکەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

شایانی باسە لیژنە تایبەتەكە لە ژێر ڕۆشناییی یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددەهۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان، ژمارە ( ١ )ی ساڵی ٢٠٢٠ ی بەرکار لە هەرێمی کوردستان، کارەکانی دەکات.