Skip to the content

وەزارەتی پێشمەرگە و شاندێکی سەربازیی هێزەکانی ئەمەریکا تاووتوێی بارودۆخی ئاسایش و سەربازییان کرد

ڕۆژی پێنجشەممە،٢٠ی تەممووزی ٢٠٢٣، لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازیی کرد لە کۆڵۆنێڵ مایک کاجاز، ڕاوێژکاری سەربازی لە ئۆفیسی هاوکاریی ئەمنیی ئەمەریکا لە عێراق و شاندێکی یاوەری، کە پێکهاتبوون لە ئەنتۆنی سینۆت، ڕاوێژکاری وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە و مێجەر چاد تروسلۆن، یاریدەدەری پاشکۆی سەربازی.

لەو دیدارەدا کە جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان، لیوا ڕوکن نەجمەدین عومەر، ئامادە بوو، تیشک خرایە سەر بارودۆخی ئەمنی و سەربازیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە؛ جەخت لە هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بە گشتی کرایەوە.

هەر لەو دیدارەدا باس لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پلان و بەرنامەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرا، بە تایبەتی لەبارەی پرۆسەکانی چاکسازی و مەشق و ڕاهێنانەکاندا، ئەویش بە پشتبەستن بە پەیڕەوکردنی بنەما سەربازییەکان.