Skip to the content

پشکنینی تاقیکاری بۆ لیوای ١٦ی پیادە کرا

بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتی (المفتشية العامة)ی وەزارەتی پێشمەرگە، ساڵانە پڕۆسەی پشکنین بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و لیواکانی پیادە و یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات، بۆ ئەم مەبەستە لە ڕۆژانی ٩ و ١٠ی تەممووزی ٢٠٢٣، لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتی، پشکنینی تاقیکارییان بۆ لیوای ١٦ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە کرد.

لیژنەکە لە ژمارەیەک ئەفسەری پشکنەر پێکهاتبوون، لە چەند بەشێکی جیاواز، پێشووتر پشکنینی فێرکارییان بۆ تەواوی بەشەکانی لیواکە، وەک کارگێڕی و تۆماری ڕۆژانە و کۆگاکانی سووتەمەنی و چەک و خۆراک و سەنگەرەکانیان پشکنی و تیایدا ڕێکار و ڕێنمایی نوێیان بە تەواوی بەشەکانی لیواکە دابوو، ئەم پشکنینە تاقیکارییەش، وەک هەڵسەنگاندنێک بۆ لیوای ١٦ی پیادە کرا، بۆ ئەوەی بزانرێت ئاستی جێبەجێکردنی ڕێکار و ڕێنماییەکان لە لایەن بەشەکانی لیواکە تا چەند جێبەجێ کراوە.

شایانی باسە، پڕۆسەی پشکنینی فێرکاری و پشکنینی تاقیکاری و پشکنینی لەناکاو لە سەرجەم لیوا و یەکە و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام دەدرێت.