Skip to the content

کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٢ی چەک بەڕێوە چوو

٢٤ی تەممووزی ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتیی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئامادەبوونی لیوا ڕوکن هۆشمەند حەیدەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، لیوا بەشدار ئیسماعیل، ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، دادوەر کوردەوان نەقشبەندی، سەرۆکی دادگای سەربازیی یەک، نوێنەرانی فەرماندەیی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ی پێشمەرگە و نوێنەرانی سەرجەم لایەنە ئەمنییەکانی تری هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٢ی چەک لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ کرا لەبارەی دیاریكردنی میکانیزمێک بۆ تۆمارکردن و ڕێکخستنەوەی ئەو چەکانەی کە بەدەستی پێشمەرگەوەیە و پێشمەرگە خۆی کڕیویەتی وە بۆ مەبەستی ئەركی سەربازیی فەرمیی خۆی بەکاری دەهێنێت، لەمبارەیەوە نوێنەرانی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٢ی چەک، گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، کە ماوەیەک دیاری بکرێت بۆ تۆمارکردنی ئەو چەکانە، لە ڕێگەی یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە، بە شێوەیەک بێت بگونجێت لەگەڵ ئەو یاسا بەرکارەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە.

شایانی باسە ئەم ڕێکارە بە مەبەستی تۆمارکردن و بە مۆڵەتکردن و پاراستنی مافی پێشمەرگەیە بۆ ئەو چەکانەی، کە موڵكی خۆیەتی و ئەرکی سەربازیی خۆی پێ جێبەجێ دەکات.