ئەڵمانیا پشتیوانییەکانی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات دەکاتەوە
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ حوزەیرانی ٢٠٢٣، عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازیی لە کڵاوس شترایشەر، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر و کۆڵۆنێڵ هارتڤیگ، پاشکۆی سەربازی لە باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندی یاوەریان کرد.
لە دیدارێکدا گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییەکانی وڵاتی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان لە بواری سەربازیدا کرد، جەختیان لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کردەوە، هەروەها باسیان لە هاوکاری و هەماهەنگییەکانی وڵاتی ئەڵمانیا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕووی لۆجستی و ڕاوێژکارییەوە کرد؛ شاندی میوان بەڵێنی دا هاوکاری و هەماهەنگییەکانیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام بێت.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، سوپاسی وڵاتی ئەڵمانیای کرد، لە پای ئەو هاوکاری و هەماهەنگییانەی پێشکەش بە هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە لە بوارەکانی لۆجستی و ڕاوێژکاری؛ ڕۆڵی ئەو وڵاتەی لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بەرز نرخاند.