Skip to the content

سەرۆکی ئەرکان پێشوازی لە پاشکۆی سەربازی ئوسترالیا لە عێراق دەکات

رۆژی دووشەممە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە نیک سورتیس، پاشکۆی سەربازی لە باڵیۆزخانەی ئوسترالیا لە عێراق و ئیمی شیریدان، سکرتێری یەکەمی جێگری سەرۆک بۆ کاروباری نێردەیی کرد.

لە دیدارێکدا کە عەمید روکن محەمەد سەعید، بەڕێوبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەی بوو، تیشک خرایە سەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی و باردودۆخی هەنووکەیی هێزی پێشمەرگە و پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق.

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە رایگەیاند: ''وەزارەتی پێشمەرگە لەژێر ڕۆشنایی پرۆژە یاسای چاکسازی و بە پلان و بەرنامەی تایبەت کاریان کردوە و هەنگاویان ناوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە و پلان بۆ داڕێژراو بەردەوامی بە پرۆسەی ڕێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی یەکە جیاوازەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بدرێت.''

سەرۆکی ئەرکان ئاماژەشی بەوەدا، کە خۆشبەختانە دوای چەندین دیدارو کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی بەرگری حکومەتی فیدراڵ، ئێستا ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ سوپای عێراق و وەزارەتی بەرگری لەسەر ئاستی ناوچەیی بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە ئەویش لەپێناو یەکخستنەوەی هێزەکان بۆ رووبەڕوو بوونەوەی هزری توندڕۆی و گروپە تیرۆرستیەکان لەناوچەکەدا.

هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و تیمی ڕاوێژکارانی ئوسترالیا لە عێراق وهەرێمی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش جەخت لەبەردەوامی پشتگیری هاوپەیمانان لە نێویاندا ئوسترالیا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرایەوە.

شاندی میوان پاڵپشتی وڵاتەکەیان بۆ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە دووپاتکردەوە و جەختیان لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکان کردەوە.