وۆرک شۆپێکی تایبەت بە هەڵبژاردنەکان بۆ نوێنەرانی هێزە ئەمنیيەکان بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی دووشەممە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم لە هەولێر، بە ئامادەبوونی لیوا روکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، لیوا روکن هۆشمەند، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، لیوا بەشدار عەبدوڵا، راوێژکاری وەزارەت و عەمید عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی وەزارەت، کۆمیسیاری باڵای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق و ژمارەیەک لە نوێنەرانی دامەزراوە ئەمنییەکان، بە بەشداری نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتی و لیواکان و یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، وۆرک شۆپێکی تایبەت بە هۆشیاری هەڵبژاردن بەڕێوەچوو.
لە وۆرک شۆپەکەدا، ئەمینداری گشتی وەزارەت، وتەیەکی پێشکەش کرد و سوپاسی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەولێری کرد، بەوەی ئەرکیان کێشاوە وۆرک شۆپی هۆشیاری بۆ نوێنەرانی هێزەکانی پێشمەرگە ئەنجام دەدەن، داواشی لە تەواوی کارمەندان کرد، بە شێوازێکی باش بەشداری لەم پرۆسەیەدا بکەن و ئەو کەموکوڕی و پێداویستیانەش دەستنیشان بکەن، کە دێنە پێش.
دواتر جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، وتەیەکی پێشکەش کرد و داوای کرد، کە شێلگیرانە لەم پرۆسەیەدا وردەکاری کەموکوڕییەکان دەستنیشان بکەن و بەشداری کردنیان ببێتە مایەی سوود گەیاندنیان بە تەواوی یەکە سەربازییەکان، هەروەها ئەو زانیاریانەی وەری دەگرن بیگەیێنن.