بەریتانیا پشتگیریکردنی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دووپات دەکاتەوە
ڕۆژی ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە دیوانی وەزارەت پێشوازییان لە ماڕشاڵ سامی سمبسن، ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی بەرگریی شانشینی یەکگرتوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقا و ڕۆزی کەیڤ، کونسوڵکاری گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا کە لیوا ڕوکن هۆشمەند حەیدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، ڕاوێژکارانی سەربازیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و ئەمینسڕی سەرۆکایەتیی ئەرکان و بەڕێوبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت و ئامادەی بوون، پرسی چاکسازی و خێراکردنی ڕێکارەکان بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی چاکسازی خرایە بەر باس، بارودۆخی هەنووکەییی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دۆخی ئەمنی و سەربازیی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێکی گفتوگۆکانی ئەو دیدارە بوون.
لە تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارەدا ئاماژە بە پەیوەندییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی بەریتانیا لە هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتی کرایەوە، تیشک خرایە سەر بەردەوامبوونی ئەرکەکانی ڕاوێژکارانی سەربازیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لەپرسی مەشق و ڕاوێژپێدان بە هێزی پێشمەرگە و پاڵپشتیکردن لە ڕووی لۆجستییەوە.
ستافی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە تیشکیان خستە سەر پلانی وەزارەت بۆ قۆناغی ئێستای هێزی پێشمەرگە و هەڵگرتنی ئەرک وبەرپرسیارییەتیان بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانە ستراتیژییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە؛ ڕایان گەیاند: پڕۆژەیاسای چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە پرۆژەیەکە ڕەهەندی نیشتیمانی هەیە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە دواجار ڕەزامەندیی هێز و لایەنە سیاسییەکان و سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، بە ئامانجی بنیاتنانی هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانیی پابەند بە دیسپلینە سەربازییەکان کە لە ژێر فەرمان و بریارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دابێت.
ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی بەرگریی شانشینی یەکگرتوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقا، دووپاتی لە بەردەوامبوونی پشتگیری و پشتیوانیی بەریتانیا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردەوە لەمەر پرۆژەیاسای چاکسازی بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکان و ڕاشی گەیاند: "هێزی پێشمەرگە شانبەشانی ئێمە شەڕی بەدەستهێنانی ئاشتی و ئاسایشی لە ناوچەکە کردووە، بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە لە هاوبەشیکردن و پشتگیریکردن لە پڕۆسەی چاکسازی لەگەڵ پێشمەرگە بەردەوام دەبین".