Skip to the content

بەم زووانە بەئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی وەزارەتی پێشمەرگە تەواو دەکرێت

لەپێناو ڕێکخستنەوە و باشترکردنی کارەکانی بواری ئیداری و سەرچاوەی مرۆییی وەزارەتی پێشمەرگە، بە هاوکاریی کۆمپانیای براد لیف ـی ئەمریکی بۆ ئەندازیاریی ئەلیکترۆنی، پرۆژەی سیستەمی بەئەلیکترۆنیکردنی وەزارەتی پێشمەرگە تاووتوێ کرا.

ڕۆژی ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەت، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ شاندێکی ڕاوێژکاریی هێزەکانی ئەمریکا بە سەرپەرشتیی مێجەر شیڤن تاو، بەڕێوەبەری بەرنامەی کڕین لە هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێکی یاوەری و بەڕێوەبەر و ئەندازیارانی کۆمپانیای براد لیفی تایبەت بە داڕشتنی پڕۆگرامی ئەلیکترۆنی بۆ بەگەڕخستنی لەناو دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە، کە تایبەتە بە سیستەمی سەرچاوە مرۆییەکان و رێکخستنی ئەرک و کارەکان لە ناوخۆی بەڕێوەبەرایەتییەکان و دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوە چوو.

شاندی کۆمپانیای براد لیف، دەقی پرۆژەی کۆمپانیاکەیان پێشکەش کرد؛ لەم پرۆژەیەدا تەواوی نامە و ئاڵوگۆڕەکانی پۆستە، بە ئاسانی لە ڕێگەی تۆڕێکی ناوخۆییەوە دەکرێت، هەروەها دەتوانرێت چالاکییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە باشتر ڕێک بخرێت. لە ڕووی سەرچاوە مرۆییەکانەوەش زانیاریی تەواوی ئەفسەر و کارمەندانی پێشمەرگەکانی هێزی پێشمەرگە لەناو ئەم پڕۆگرامەدا جێگایان دەکرێتەوە.

پاشان لەلایەن ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە، بۆ باشترکردنی بابەتەکە گفتوگۆ لەسەر بەش و بڕگەکانی پڕۆگرامەکە کرا؛ وا بڕیارە ئەم پرۆژەیە لە کۆتاییی مانگی شەشی ئەمساڵ تەواو بکرێت و لە نزیکترین کاتیشدا بکەوێتە کار بۆ خزمەتکردن بە هێزەکانی پێشمەرگە.