بەڕێوەبەری چاکسازی پێشوازی لە شاندێکی هێزەکانی هاوپەیمانان کرد
رۆژی ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، لیوا نەبەز سەلاح، بەڕێوەبەری چاکسازی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ هانس، بەرپرسی تیمی راوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا کۆڵۆنێڵ هانس کۆتایی ئەرکی خۆی راگەیاند و کۆڵۆنێڵ دوێتی وەک جێگرەوەی خۆی ناساند.
هەر لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەی ستراتیجی راگەیاندن و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە کرا، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و هۆشیاری وەزارەتەوە دانراوە و پڕۆژی ژمارە (٢٧)ە لە پڕۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە، بڕیاریان دا گفتوگۆی زیاتر بکرێت بۆ جێبەجێ کردن و بەرەوپێش بردنی پڕۆژەکە.
بەڕێوەبەری چاکسازی سوپاسی کۆڵۆنێڵ هانسی کرد، کە لە ماوەی رابردوودا هەوڵ و ماندووبوونی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ خزمەتی هێزەکانی پێشمەرگە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی داهاتوویدا، هەروەها پیرۆزبایی لە کۆڵۆنێڵ دوێت کرد، بەبۆنەی دەستبەکاربوونیەوە ئامادەیی خۆشی پیشان دا، بۆ هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەک بۆ پێشخستن و جێبەجێ کردنی قۆناغەکانی پڕۆسەی چاکسازی.