Skip to the content

سەرۆکی ئەرکان پێشوازیی لە بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگیی ئاسایشی ئەمریکا لە هەرێم کرد

ڕۆژی ١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر رەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، پێشوازیی لە کۆڵۆنێڵ سان بۆرن بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگیی ئاسایشی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە تایبەت بوو بە ماڵئاواییکردنی کۆڵۆنێڵ سان بۆرن، سەرۆکی ئەرکان سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونەکانی ناوبراوی کرد، کە لە ماوەی ڕابردوودا خزمەتێکی باشی هێزەکانی پێشمەرگەی کردووە، بەتایبەت لە بواری چاکسازی و مەشقە پیشەییەکان و لۆجستیدا.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە قۆناغەکانی چاکسازی و بەڕێوەچوونی کارەکانی گواستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە و دروستکردنی فیرقەی نوێ کرد.

سەرۆکی ئەرکان هیوای خواست کارنامەی پلان بۆ داڕژراو، وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و ڕۆڵی هاوپەیمانانی لە هاوکاریکردن بۆ سەرخستنی پلانەکان بەرز نرخاند.

لە کۆتاییی دیدارەکەدا سەرۆکی ئەرکان هیوای خواست کە کۆڵۆنێڵ سان بۆرن لە کاری داهاتوودا سەرکەوتوو بێت و هەروەک دۆستێکی نزیکی کورد بمێنێتەوە.