Skip to the content

لە بنکەی مەشقی پیادەی هەولێر رێوڕەسمی کۆتایی خولی شەشی پیادەی هێزەکانی پشتیوانی یەک بەڕێوەچوو

لە چوارچێوەی مەشق و راهێنانەکانی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی توانا جەستەیی و سەربازییەکانی پێشمەرگە، رۆژی ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و فەریقی یەکەم شێروان عەبدولرەحمان، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، فەریق سیهاد بارزانی، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی یەک، لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، لیوا شیمال زێباری، نوێنەری هێزەکانی ٨٠، کۆڵۆنێڵ هانتەر و کۆڵۆنێڵ نیکۆلای بەرپرسانی باڵای هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، رێوڕەسمی کۆتایی شەشەمین خولی مەشق و راهێنانەکانی هێزەکانی پشتیوانی یەک بەڕێوەچوو.

لە رێوڕەسمەکە، فەریق سیهاد بارزانی، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی یەک، وتەیەکی پێشکەش کرد و باسی گرنگی و پێویستی مەشق و راهێنانەکان کرد بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانانیشی کرد، بۆ هاوکاری و پاڵپشتییەکانیان بۆ هێزەکانی پشتیوانی یەک.

پاشان عەبدولخالق بابیری بریکاری وەزارەت، وتەیەکی پێشکەش کرد و باسی لە گرنگی خولی مەشق و راهێنانەکان کردەوە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، بۆ بەهێز بوونی توانای سەربازی هێزەکان، هەروەها باسی رۆڵ و کاریگەریی هێزەکانی پشتیوانی کرد، لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، کە لە ریزەکانی پێشەوەی شەڕ بوون و پشتیوانی هێزەکانی تری پێشمەرگەش بوون.

 بریکاری وەزارەت رایگەیاند: ''هێزەکانی پشتیوانی، نەک هەر لە هەرێمی کوردستان بەڵکو لە رۆژئاوای کوردستانیش رۆڵ و کاریگەری خۆیان سەلماند، لە رووبەڕوو بوونەوەی تیرۆریستانی داعش.''

خولەکە ماوەی ٤٥ رۆژ بەردەوام بوو و ژمارەیەک ئەفسەر و پێشمەرگەی هێزەکانی پشتیوانی یەک تیایدا بەشداربوون، تەواوی پڕۆگرامی مەشق و راهێنانەکان بە شێوازی پڕاکتیکی جێبەجێ کران.