Skip to the content

پشکنینی فێرکاری بۆ بنکەی مەشقی پیادەی دهۆک کرا

بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە مەبەستی باشترکردنی ڕاپەڕاندنی ئەرک و کارەکانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکان و لیواکانی پیادە و یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، ساڵانە پڕۆسەی پشکنینی فێرکاری بەڕێوە دەبات، ئەمەش بە پێی نەخشەڕێگا و بەرنامە و پلانێکی ورد، کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتی داڕێژراوە و وەزارەتی پێشمەرگەش پەسندی کردووە.

ئەم مەبەستە و لە ڕۆژی ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتی، پشکنینی گشتیی فێرکارییان بۆ بنکەی مەشقی پیادەی دهۆک کرد.

لیژنەکە تەواوی بەشەکانی بنکەی مەشقی پیادەی دهۆکیان، وەک کارگێڕی و تۆماری ڕۆژانە و کۆگاکانی سووتەمەنی و چەک و خۆراکیان پشکنی؛ تیایدا ڕێکار و ڕێنماییی نوێیان بە تەواوی بەشەکان دا.

بەشەکانی بنکەی مەشقی پیادەی دهۆک، وەڵامدانەوەیەکی باشیان هەبوو؛ ئامادەییی خۆیان بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان بە پێی ئەو ڕێکار و ڕێنماییە نوێیانە دەربڕی، کە لە لایەن پشکنەرانەوە پێیان دراوە، هەروەها کەموکوڕی و پێداویستییەکانی بنکەکەیان دەستنیشان کرد و ڕێگاچارەی پێویستیان بۆ دیاری کردن.