پلانی دووساڵەی وەزارەت بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان تاوتوێکرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی دووشەممە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، لە دیوانی وەزارەت، بەئامادەبوونی لیوا روکن هۆشمەند حیدەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارەو میرە، ئەمین سڕی سەرۆکایەتی ئەرکان و کۆڵۆنێڵ جیم هەنتەر، بەرپرسی ڕاوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان لەهەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی هێزی (٨٠)ی پێشمەرگە کۆبوەوە.
لەو کۆبوونەوەکەدا، کە کۆڵۆنێڵ ڤاندالین، راوێژکاری باڵای تیمی سەربازی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، پلانی داهاتووی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بۆ خێراترکردنی پرۆسەی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی (٨٠٫٧٠)ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە کاتێکی دیاریکراو و بە میکانیزمێکی گونجاو و بەپێی کارنامەی پرۆژە یاسای چاکسازی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە کە لە ماوەی دووساڵی داهاتوو ژمارەیەک هێزی دیکەی (٨٠٫٧٠) بخرێنە ژێر بریارو ڕاسپاردەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.
لە وتەیەکدا سەرۆکی ئەرکان تیشکی خستە سەر پلانی وەزارەت بۆ قۆناغی ئێستای هێزی پێشمەرگە و هەڵگرتنی ئەرک و بەرپرسیارییەتی بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانە ستراتیژییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە دووپاتکردەوە.
فەریق روکن عیسا عوزێر رایگەیاند: ''پڕۆژە یاسای چاکسازی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پرۆژەیەکی نیشتمانیە بۆ هێزی پێشمەرگە و رەزامەندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی لەسەرە بە ئامانجی بونیاتنانی هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی پابەند بە دیسپلینە سەربازییەکان.''
سەرۆکی ئەرکان ئاماژەشی بەوەدا کە بەردەوام دەبن لە هەنگاوەکانیان بۆ ڕێکخستنەوە و یەکگرتنەوەی تەواوی هێزە جیاوازەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەدا.
لەلایەن خۆیانەوە نوێنەرانی هێزی ٨٠ی پێشمەرگە ئامادەی خۆیان لە پرسی یەکخستنەوەی هێزەکان دەربڕی و رایانگەیاند: بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان وا دەخوازێت کە هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتیمانی وپابەند بوونی خۆشیان بە جێبەجێکردنی هەر فەرمانێک لە مەر پرسی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەدا دەربڕی.
کۆبوونەوە بە سەرنج وبیروڕا گۆرینەوە لەسەر شێوازو میکانیزمی گونجاوو بۆ یەکخستنەوەی ژمارەیەک لەهێزە جیاوازەکان لە کاتێکی دیاریکراو بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە کۆتایهات.