Skip to the content

پڕکردنەوەی میلاک و چالاککردنی فیرقەکان تاووتوێ کرا

تەواوکردنی میلاکی فیرقەکان و چالاککردنی بەشەکان، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەی فراوانی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ بوو.

ڕۆژی ١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان و لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتی و مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی هێزەکانی ٧٠ و د.نەجات عەلی، فەرماندەی هێزەکانی ٨٠ و شاندێکی ڕاوێژکارانی هاوپەیمان لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە گەورە ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە و فەرماندەی فرقەکانی یەک و دووی وەزارەت، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بەڕێوە چوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ کرا لەسەر خێراترکردنی پڕکردنەوەی میلاکی فیرقەکان و گواستنەوەی ڕاژەی ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانەی کە بۆ پڕکردنەوەی میلاکی بەش و هۆبە و یەکە مەیدانییەکانی فیرقەکان دانراون.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەخت لە چارەسەرکردنی کێشە و کەموکوڕییەکان و پشتیوانیکردن لە فەرماندەیی هەردوو فرقەی پیادە کرایەوە، لەپێناو کارابوون و بەگەڕخستنی تەواوی تواناکان لەناو یەکەکاندا.

لە کۆبوونەوەکە دووپات لەوە کرایەوە کە پێویستە ڕێکاری نوێ و خێرا بۆ دەستبەکاربوونی فەرماندەیی فیرقەکانی داهاتوو بگیرێتە بەر کە بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا هەنگاو بۆ دامەزراندنیان بنرێت.