پێشمەرگە کێوماڵی ناوچەى بناری چیای قەرەچووغی کرد
بۆ ڕەواندنەوەی ئەو مەترسییە ئەمنیانەی کە پاشماوەی گرووپە تیرۆرستییەکانی داعش لەسەر ناوچەکە و خەڵکی سڤیل دروستی کردووە، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی لەو ناوچانە بەڕێوە برد، کە گومانی هەبوونی مۆڵگە و شوێنی حەوانەوەی تیرۆرستانی لێ دەکرا.
ڕۆژی ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، کاتژمێر ٥، لیوای ١٤ی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، لە بناری چیای قەرەچووغ، ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان بە سەرکەوتوویی بە کۆتا هێنا.
لەو ئۆپەراسیۆنەدا، (ف١. ف٢ .ف٣)ی لیوای ١٤ی پیادە، کێوماڵی گوندەکانی (گاور، کەنداڵ، گردە شین، مەلاکاغا و کەبنک ڕەش)ـیان لەبناری چیای قەرەچووغ کرد، ئامانجی ئەو ئۆپەراسیۆنە لەناوبردنی مۆڵگە و شوێنی حەوانەوەی تیرۆرستان بوو، هاوکات بەرقرارکردن و سەقامگیرکردنی ئاسایشی زیاتری ئەو ناوچانە بوو کە گومانی هەبوونی پاشماوەی چەکدارانی داعشی لێ دەکرا.