Skip to the content

ڕاوێژکاری سەربازی بەریتانیا کۆتایی ئەرکەکەی ڕاگەیاند

ڕۆژی ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ تیم جێنگینز، ڕاوێژکاری بەرگری شانشینی یەکگرتوو و بەرپرسی بەشی سەربازی کونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر و شاندێکی یاوەری کرد. 

لەو دیدارەدا کە عەمید روکن محەمەد سەعید، بەڕێوبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەیبوو، بەرپرسی بەشی سەربازی کونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی بە سەرۆکی ئەرکان ڕاگەیاند. 

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباره پێشمەرگە سوپاسی کۆڵۆنێڵ تیمی کرد کە لە سەرەتای دەستبەکاربوونی لە هەرێمی کوردستان هاوشان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە کاری کردوە بۆ سەرخستنی بەرنامە و پلانەکانی وەزارەت لە پرسی یەکگرتنەوەی هێزەکان و جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی پرۆژە یاسای چاکسازی.
 
هاوکات سەرۆکی ئەرکان هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوودا بۆخواست و سوپاسی تیمی سەربازی وڵاتی بەریتانیاشی  لە هەرێم کرد و ڕۆڵی تیمی سەربازی ئەو وڵاتەی لە هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند و ڕایگەیاند: ''وڵاتی بەریتانیا پاڵپشتیکارو دۆستێکی باش بوون بۆ هێزی پێشمەرگە، بەتایبەت لە هەماهەنگییان بۆ پێشخستنی پرسی چاکسازی لەوەزارەتی کاروباری پێشمەرگە'' و داواشی کرد لە داهاتوودا ئەو هاوکاری و هەماهەنگییانە بەردەوامییان هەبێت و ئاستی هەماهەنگییەکانیش فراوانتر بکرێن.