Skip to the content

ڕێوڕەسمی کۆتاییی خولی ٢٨ی پێگەیاندنی ئەفسەران بەڕێوە چوو

ڕۆژی ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، ئاهەنگی دەرچوونی خولی ٢٨ ی پێگەیاندنی ئەفسەران، بە ئامادەبوونی بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەفسەرانی باڵای هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لە كۆلێژی سەربازیی ٢ی زاخۆ بەڕێوە چوو.

لیوا نەزیر عاسم گۆران، ڕاگری كۆلێژی سەربازیی ٢ی زاخۆ، وتاری كۆلێژی سەربازیی پێشكەش كرد، تیایدا خۆشحاڵیی خۆی و ئەفسەرانی كۆلیژەكەی دەربڕی بە پێگەیاندنی كۆمەڵێك ئەفسەر و لە هەمان كات باسی ڕۆڵ و گرنگیی كۆلێژە سەربازییەكانی كرد و گوتی: "كۆلێژەكەمان بە تەواوی پابەندی كاتەكانی خوێندن و مەشق و ڕاهێنانی قوتابیان بووە، بە مەبەستی پێگەیاندنیان لە ڕووی جەستەیی و زانستە سەربازییەكانەوە".

پاشان عەبدولخالق بابیری، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە، وتاری وەزارەتی پێشمەرگەی پێشکەش کرد و گوتی: "ئێوە ئەو کەسانەن کە لە ڕابردوودا ڕۆڵتان هەبووە لە خەباتی پێشمەرگایەتی دژی دوژمنانی کوردستان و تیرۆریستان، لە ئێستاشدا لە کۆلێژێکی گرنگی سەربازی زانستی سەربازی سەردەمیانەتان خوێندووە و مەشق و ڕاهێنانێکی چڕتان کردووە، بەمەش قۆناغێکی تری سەربازی و ئەرکی سەربازییتان دەست پێ دەکات و دەتوانن بە شێوەیەکی باشتر و زانستیانەتر لە ناو هێزەکانی پێشمەرگەدا خزمەت بکەن".

هەر لە گوتەکەیدا پابەندبوونی وەزارەتی پێشمەرگەی پێشان دا، بە جێبەجێکردنی پڕۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، ئەمەش بە هاوکاری و هەماهەنگیکردن لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستاندا.