کۆبوونەوەی لیژنەی پلان و پڕۆگرامی دارایی و بودجەی وەزارەت بەڕێوە چوو
ڕۆژی ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتیی لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، پێنجەم کۆبوونەوەی لیژنەی پلان و پڕۆگرامی دارایی و بودجەی وەزارەت بەڕێوە چوو.
لەو کۆبونەوەیەدا کە بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و بەرنامەکانی ژمێریاریی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تاک و خۆبەخشەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی میلاک و پلاندانان و ئیشغاڵی سەربازی، چاکسازی، گەیاندن و ژمارەیەک لە گەورە ئەفسەرانی وەزارەت و کۆڵۆنێڵ جیم هەنتەر، بەرپرسی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری وەک نوێنەری هێزەکانی هاوپەیمانان و ڕاوێژکاران ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی بودجەی ساڵانەی وەزارەتی پێشمەرگە و پرسە داراییەکان کرا.
هەر لەو کۆبوونەوەدا چەندین سەرنج و پێشنیار لەبارەی ئەو بابەتە خرایە ڕوو؛ جەخت لە هەماهەنگیی نێوان فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە سەربازییەکان کرایەوە.