Skip to the content

مەرجی وەرگرتن لە قوتابخانەی ئەفسەرانی پۆل تاووتوێ کرا

ڕۆژی ١٥ی ئاداری ٢٠٢٣، لیوا ڕوکن نەجمەدین عومەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان و لیوا ڕوکن هۆشمەند حەیدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، پێشوازییان لە کۆڵۆنێڵ مارک دیمیشێل، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد. 

لەو دیدارەدا تاووتوێی قوتابخانەی ئەفسەرانی پۆل کرا و مەرجەکان و نەخشەڕێگەی وەرگرتن لە پلەیەکی دیاریکراوی سەربازی لەو قوتابخانەیە خرایە بەر باس.

لە تەوەرەیەکی دیکەی ئەو دیدارەدا، هەردوو لا بە گرنگییەوە لەم پڕۆژەیان ڕوانی و ڕایانگەیاند: "ئەم پڕۆژەیە دەبێتە بنەمایەک بۆ بنیاتنان و دروستکردنی هێزیکی نیشتیمانیی گۆشکراو بە پرەنسیپ و بنەما سەربازییەکان". 

لە کۆتاییی دیدارەکەدا، بە ئاڵوگۆڕکردن و گۆڕینەوەی بیروڕا لەسەر هەڵبژاردنی باشترین نەخشەڕێگە لە قۆناغی داهاتوودا بۆ کردنەوەی قوتابخانەی ئەفسەرانی پۆل و چۆنیەتیی شێوازی وەرگرتنی ئەفسەر لەو قوتابخانەیە کۆبوونەوە بەکۆتا هات. 

پڕۆژەی قوتابخانەی ئەفسەرانی پۆل یەکێکە لە پڕۆژەکانی بەڕێوبەرایەتیی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە کە بە هەماهەنگی و هاوکاریی ڕاوێژکارانی سەربازیی هێزەکانی ئەڵمانیا کاری لەسەر دەکرێت، لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوەکانی خێراتر کردووە بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە.