Skip to the content

بەڕێوبەری گشتی ژمێریاری سەربازی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکانی کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-بە مەبەستی هەماهەنگی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەڕێوبەرایەتی گشتی بوودجە و بەرنامەکان-ژمێریاری سەربازیی و بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانیەکان رۆژی ٣٠ی ئاداری ٢٠٢٣، عەمید توانا صدیق، بەڕێوبەری گشتی ژمێریاری سەربازی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانیەکانی کرد و لەلایەن مەولوود صابر عەلی، بەڕێوبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان پێشوازی لێکرا.

لەدیدارێکدا کە ئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری سەربازی ئامادەیبوون، شێوازی دابەشکردنی هاوکارییەکانی هێزی هاوپەیمانان و بەرجەستەکردنی ئاسانکاری بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان لەکاتی وەرگرتنی مووچەی مانگانەیان لەبانکە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان خرایە بەرباس.

لەتەوەرێکی دیکەی سەردانەکەدا باس لە ئامادەکارییەکان و پیادەکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە لە رێگەی دروستکردنی کارتی زیرەکەوە کرا .
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتی ژمێریاری سەربازی ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە پڕۆسەیەکی سەردەمیانەیە کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری سەربازی لە چوارچێوەی پڕۆژە یاسای چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە کاری لەسەر دەکات و لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان پشتگیری دەکرێت.