Skip to the content

بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکان پێشوازی لە بەرپرسی بەشی سەربازی کونسوڵخانەی بەریتانیا کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ڕۆژی ٣٠ی ئاداری ٢٠٢٣ عەمید روکن محەمەد سەعید، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ تیم جێنگینز، بەرپرسی بەشی سەربازی لە کونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر کرد.

لە دیدارێکدا تاوتوێی باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی راوێژکارانی سەربازی شانشینی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان کرا. هاوکات باس لە بەرنامە و کاری داهاتووی تیمی ڕاوێژکارانی سەربازی وڵاتی بەریتانیا لە هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی کرایەوە بۆ بەردەوام بوون لە هەماهەنگی کردن لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا بەتایبەت لە پڕسی چاکسازی و ڕاوێژ پێدان بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت سوپاسی کۆڵۆنێڵ تیم جێنگینز و تیمی ڕاوێژکارانی سوپای بەریتانیای لە هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند:'' دڵخۆشین کە دەبینین دۆستانمان لە هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی لە رووی لۆجستی و ڕاوێژکارییەوە هاوشان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا کار دەکەن.''

لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر دۆستایەتی و پەیوەندی بەردەوام لە نێوان وڵاتانی هاوپەیمان و هێزەکانی پێشمەرگە و جەخت لەسەر بەردەوامی و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان کرایەوە.