Skip to the content

دروستکردنی ژووری ئۆپەڕاسیۆن لە فرقەکان تاوتوێکرا

رۆژی چوارشەممە ١٥ی ئاداری  ٢٠٢٣، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ سۆریا، بەرپرسی تیمی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان کرد. 
 
لەدیدارێکدا هەنگاوەکانی کۆتایی دامەزراندن و دەستبەکاربوونی فرقەکان و دروستکردنی ژووری ئۆپەڕاسیۆن بۆ فرقەکان تاوتوێ کرا و هەردوولا بە گرنگییەوە لەم هەنگاوەیان ڕوانی و هەبوونی ژووری ئۆپەڕاسیۆنیان لە هەردوو فرقەکەی هێزی پێشمەرگە بەپێویست زانی.
 
سەرۆکی ئەرکان ئاماژەی بەوەدا کە لە ژێر ڕۆشنایی پڕۆگرامی چاکسازی و بە پاڵپشتی تەواوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزو لایەنە سیاسیەکان وەزارەتی پێشمەرگە دەستی بەرێکارەکانی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە کردوە و راشیگەیاند: ''قۆناغ بەقۆناغ، سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە دەخرێنە ژێر بریار و ڕاسپاردەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و بەردەوامیش دەبین تاکوو دەگەین بە ئامانج. ''
 
لەتەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆکی ئەرکان، ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی تیمە سەربازییەکانی هاوپەیمانان، بەتایبەت تیمی سەربازی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کرد لە سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازیی ڕاوێژ پێدان بەهێزی پێشمەرگە.
 
شاندی میوان دڵخۆشی خۆیان بەهەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەربڕی و رایانگەیاند، بەگرنگیەوە لە هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەڕوانن بۆ جێبەجێکردن و دروستکردنی ژووری ئۆپەڕاسیۆن، ئاماژەشیان بەوەدا کە بەهاوبەشی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ پێشمەرگە دەتوانن خێرایی بە پرۆسەی چاکسازی پێشمەرگە و پڕۆسەی ڕێکخستنەوەی هێزەکان بدەن. 
 
لەکۆتایی ئەو دیدارەدا جەخت لە گرنگی بەردەوامی پشتگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان و هاوکاری وهەماهەنگیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە کرایەوە بۆ بەدەست هێنانی ئامانجە هاوبەشەکان لە رووبەڕوبووونەوەی تیرۆرو هزری توندڕۆی لەناوچەکە.