Skip to the content

سەرۆکی ئەرکان پێشوازی لە بەرپرسی بەشی سەربازی بەریتانیا کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- خێراکردنی پڕۆژەکانی چاکسازی وەزارەت و رێکخستنەوەی کۆبوونەوەکانی مانگانەی نێوان بەرپرسانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و سەرۆکایەتی ئەرکان لەگەڵ گروپی راوێژکارانی سەربازیی فرەنەتەوەیی ناسراو بە (MNAG) تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان بوو.

ئەمڕۆ ٦ی ئاداری ٢٠٢٣، فەریق روکن عیسا عوزێر ، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆنێڵ تیم جێنکنیز، راوێژکاری بەرگری تایبەت و بەرپرسی بەشی سەربازی لەکونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەولێر کرد.

لە دیدارێکدا کە عمید روکن محمد سعید، بەڕێوبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەی بوو خێراکردنی پڕۆژەکانی چاکسازی وەزارەت و ڕێکخستنەوەی کۆبوونەوەکانی مانگانەی بەرپرسانی باڵای وەزارەت و گروپی راوێژکارانی سەربازیی فرەنەتەوەیی ناسراوبە (MNAG) خرایە بەرباس.

لەتەوەرێکی تردا هەنگاوەکانی پڕۆسەی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە و دواین پێشهاتەکان و ڕەوش و توانای هێزی پێشمەرگە لەقۆناغی ئێستادا تاوتوێکران. سەرۆکی ئەرکان لەگەڵ دەربڕینی سوپاسی و پێزانینی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پشتگیری هاوپەیمانان و تیمی سەربازی سوپای بەریتانیا لەهەولێر بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان، رایگەیاند:'' وێڕای سستی لەبەڕێوەچوونی پڕۆسەکە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت لەم ئەرکە، بۆ ئەمەش چاوەروانی زیاترمان لە هاوکاری وهەماهەنگیەکانی دۆستانمان لەهاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی هەیە بۆ سەرخستنی تەواوی پڕۆژەکان.''