Skip to the content

سەرۆکی ئەرکان پێشوازی لە فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنە هاوبەشەکانی ئیتالیا دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-رۆژی ٢٢ی ئاداری ٢٠٢٣، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە ماڕشاڵ فرانسیسکۆ پاولۆ، فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنە هاوبەشەکانی ئیتالیا و شاندێکی یاوەری کرد.

لەدیدارێکدا کە لیوار روکن هۆشمەند حیدەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە ومیرە، لیوا روکن کارزان شەقڵاوەیی، بەڕێوەبەری میلاکاتی وەزارەت، لیوا حافز محمد علی، ئەمین سڕی سەرۆکایەتی ئەرکان و عمید روکن محمد سعید، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی هێزەکانی ئیتالیا لەهەرێم ئامادەیبون، شاندی میوان دووپاتیان کردەوە کە هێزەکانیان بەردەوام دەبن لەڕاوێژ پێدان بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەتایبەت لەبواری مەشق و راهێنان و پاڵپشتیکردنی هێزی پێشمەرگە لەرووی لۆجستیەوە.
سەرۆکی ئەرکان خۆشحاڵی خۆی بە کار وچالاکیەکانی هێزەکانی ئیتالیا لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا وڵاتی ئیتالیا لە رێگەی راوێژکارەکانیەوە لەهاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژی داعش هاوکار و دۆستێکی باش بووە لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان وهێزی پێشمەرگە.
هاوکات سەرۆکی ئەرکان رایگەیاند:'' قۆناغی ئێستای هێزی پێشمەرگە پێویستی بە هاوکاری زیاتری دۆستانمان لە هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی هەیە بۆ سەر لە نوێ بنیاتنانەوەی ژێرخانی سەربازی و دروستکردنی هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی لە هەرێمی کوردستان، لەم روەشەوە ئومێدی زیاترمان بە دۆستانمان و وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە بۆ پاڵپشتیکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ سەر خستنی ئەو پڕۆسەیە.''
لەکۆتایی دیدارەکەدا جەخت لەبەردەوامی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و تیمی سەربازی هێزەکانی ئیتالیا و هێزەکانی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی کرایەوە و دووپات لە کارکردنی پێکەوەیی و کاری هاوبەش کرایەوە بۆ سەرخستن و بە ئەنجام گەیاندنی ئامانجە هاوبەش و ستراتیژییەکان.