Skip to the content

سەرۆکی ئەرکان پێشوازی لە فەرماندەی دەستەی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە عێراق کرد

ڕۆژى ٢٩ی ئاداری ٢٠٢٣، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە جەنەڕاڵ پیتەرس، فەرماندەی دەستەی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا کە لیوا ڕوکن هۆشمەند حەیدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، کۆڵۆنێڵ سۆریا، جێگری فەرماندەی دەستەی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە عێراق بۆ کاروباری هەرێمی کوردستان و عەمید روکن محەمەد سەعید، بەڕێوبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەی بوون، برەودان بە زیاترکردنی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان و برەودان بە باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی سوپای عێراق لە ناوچە ئەمنییە هاوبەشەکان لەنێوان هێزەکان لەسەر زەوی و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ سوپای عێراق و هێزە عێراقییەکان لە کاتی پێویست بۆ نەهێشتنی مەترسیی گرووپە تیرۆرستییەکان لە ناوچەکە باس کران.

لە تەوەرەیەکی دیکەی ئەو دیدارەدا، دوایین پێشهاتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان خرایە بەر باس و هەردوولا بە گرنگییەوە تیشکیان خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ ئەنجامگەیاندنی بەرنامە و پلانی هاوبەش بۆ لەناوبردنی هزری توندڕەویی داعش و گرووپە تیرۆرستییەکان لە عێراق، هاوکات جەنەڕاڵ پیتەرس، خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا بە هەوڵ و هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە پڕۆسەی چاکسازیی هێزەکان و ئاماژەی بەوە دا هاوپەیمانان گەشبینین بە ئەنجامی پڕۆژەیاسای چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە.

بەردەوامبوونی پەیوەندییەکان لەسەر زەوی لەگەڵ هێزە عێراقییەکان و ئۆپەڕاسیۆنی هاوبەش و پێشهاتە ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە تەوەرەیەکی دیکەی دیداری نێوان سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و جەنەراڵ پیتەرس، فەرماندەی دەستەی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە عێراق بوو.