Skip to the content

فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنە هاوبەشەکانی ئیتالیا سەردانی فێرگەی مەشقی پڵنگەکانی زێرەڤانی کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی ٢٣ی ئاداری ٢٠٢٣، ماڕشاڵ فرانسیسکۆ پاولۆ، فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنە هاوبەشەکانی ئیتالیا، سەردانی فێرگەی مەشقی پڵنگەکانی زێرەڤانی کرد و لەلایەن لیوا حافز محمد علی، ئەمین سڕی سەرۆکایەتی ئەرکان و عمید روکن محمد سعید، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و عمید دلێر فەرماندەی فێرگەوە پێشوازی لێکرا.

لەو سەردانەیدا، ماڕشاڵ فرانسیسکۆ پاولۆ، لەنزیکەوە کەمپی مەشق و ڕاهێنانی سەربازی هێزەکانی ئیتالیای لە هەرێمی کوردستان بەسەرکردەوە.
لە دیدارێکدا، کە عەمید ئەحمەد سادق، جێگری بەڕێوەبەرایەتی مەشقی سەربازی و ژمارەیەک لە ئەفسەران ئامادەیبوون، لەلایەن فەرماندەی فێرگەوە پوختەیەکی لەبارەی پلان و بەرنامەی ساڵانەی مەشق و چۆنییەتی بەڕێوەچوونی خولەکانی روونکرایەوە، دواتر لیوا حافز محمد، ئەمین سڕی سەرۆکایەتی ئەرکان، تیشکی خستە سەر توانای سەربازی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ پاراستنی ئاسایشی خاک و خەڵکی کوردستان.
لەتەوەرێکی دیکەی ئەو سەردانەدا شاندی میوان لەنزیکەوە بەڕێوەچوونی مەشق و ڕاهێنانەکانیان بینی کە لەلایەن ڕاهێنەران و ڕاوێژکارانی تیمی سەربازی وڵاتی ئیتالیا لەهەرێمی کوردستان پێشکەش بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکرێت و هەڵسەنگاندنیان بۆ توانای سەربازی فێرگە کرد بۆ بەڕێوەبردنی خولەکان.
هاوکات گفتوگۆیان لەبارەی پێداویستیەکانی هێزی پێشمەرگە کراو پاشان بەئامانجی پەڕەپێدانی توانا سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگە، کەموکوڕی و پێداویستیەکانیان خستە بەرباس.