Skip to the content

فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا کۆتایی ئەرکەکەی راگەیاند

رۆژی دووشەممە، ٢٧ی ئاداری ٢٠٢٣، لیوا روکن هۆشمەند حیدەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ مارک دیمیشێل، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا کە عمید روکن محەمەد سەعید، بەڕێوبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەیبوو، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی بە جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە ڕاگەیاند.

لەلایەن خۆیەوە جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارەومیرە سوپاسی کۆڵۆنێڵ مارک دیمیشێلی کرد کە لە سەرەتای دەستبەکاربوونی وەک فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان هاوشان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە کاری کردوە بۆ سەرخستنی بەرنامە و پلانەکانی وەزارەت لەپرسی چاکسازی.

جێگری سەرۆکی ئەرکان سوپاسی تیمی سەربازی ئەڵمانیای لە هەرێمی کوردستان کردو رایگەیاند:''ئەڵمانیا لە ڕێگەی ڕاوێژکارانی سەربازییەوە هاوکار و پاڵپشتیکارێکی باش بوون بۆ هێزی پێشمەرگە بەتایبەت لە پێشخستنی کەرتی تەندروستی لە وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاشیگەیاند، شانازی بەکارکردنی هاوبەش لەگەڵ دۆستانمان لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکەین.

فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند:''کارکردن لە هەرێمی کوردستان هاوشانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەزموونێک بوو جێگای شانازیمە و لە ماوەیەکی نزیکدا جێگرەوەی بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکان دەگاتە هەرێمی کوردستان.''