ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازیی لە وەفدێکی سەربازیی ئەمەریکا کرد
ڕۆژى پێنجشەممە، ٤ی ئایاری ۲٠۲۳، لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازیی لە شاندێكی سەربازیی ئەمەریکا لە عێراق بە سەرۆکایەتیی کۆڵۆنێڵ ئیڤانس، بەرپرسی پاشکۆی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق و کۆڵۆنێڵ سامبۆرن، بەرپرسی نووسینگەی هاوکاری و هەماهەنگیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەو وڵاتە کرد.
لەو دیدارەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بە گشتی کرا و جەخت لە هەماهەنگیی نێوانیان کرایەوە.
هەر لە دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر هاوکارییەکانی نووسینگەی هەماهەنگیی ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگە و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاداشنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا باس کرا کە لە ڕابردوودا لەنێوان هەردوولا واژۆ کراوە.