خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە گەڕایەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- دوای دەرچوونی فەرمانی هەرێمی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و رەزامەندی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ لەگەڵ پاشکۆی خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ی ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە گەڕایەوە وەزارەت.
رۆژی ٢ی ئایاری ٢٠٢٣، دوای بڕینی رێکارە یاساییەکان خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی نەورۆز و ئەیلولی هەردوو ساڵەکانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ی ئەفسەرانی وەزارەتی کاروباریی پێشمەرگە گەڕایەوە وەزارەت و لەلایەن فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە واژۆی لەسەر کرا.''
سەرۆکی ئەرکان بە ڕاگەیاندنی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی ڕاگەیاند:''هەموو هەوڵێک دەدەین، بۆئەوەی بە زووترین کات خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزەکانی(٧٠و ٨٠)ش وەک دیوانی وەزارەت، رێچکەی یاسایی خۆی وەربگرێت و فەرمانی پلە بەرزکردنەوەی ئەوانیش دەربچێت.''
هاوکات سەرۆکی ئەرکان دڵنیایی دا، کە کار بۆ تەواوکردنی خشتەکانی نەورۆز و ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٢و نەورۆزی ساڵی ٢٠٢٣ی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش دەکرێت و بەپێی پێویست و لە کاتێکی گونجاودا، فەرمانی پلە بەرزکردنەوەی ئەوانیش دەردەچێت.