رێکارەکانی پاراستنی و گه‌ره‌نتی كردنی سنووری عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئێران و توركیا تاوتوێ کران
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)، ڕۆژی چوارشه‌ممه، ١٠ ئایاری ٢٠٢٣، بە سەرۆکایەتی محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق، کۆبوونەوەی ئاسایی ئه‌نجوومه‌نی وەزاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بەڕێوەچوو.
لەو دانیشتنەدا، کە فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە ئامادەی بوو، دوا په‌ره‌سه‌نده‌كانی ره‌وشی ئه‌منی وڵات و چاودێری كردنی پلانه سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كانی تایبه‌ت به راوەدوونان و رووبەڕوو بوونەوەی پاشماوه‌ی تیرۆریستانی داعش و چه‌ند بابه‌تێکی تر تاوتوێ كران و چه‌ند بڕیار و راسپارده‌ش ده‌ركران.
لە کۆبوونەوەکەدا، ره‌وشی ئاو و گۆرانكاریه‌كانی كه‌ش و هه‌وا و كاریگه‌ریه‌كانی له‌سه‌ر ئاسایشی نیشتمانی و دانانی پلانی ته‌واو بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كه‌می ئاو له وه‌رزی هاوینی ئه‌م ساڵ، خرانه‌به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه و باس لە رێکارەکانی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ رێگریكردن له به‌هه‌ده‌ردانی ئاو و گه‌ره‌نتیكردنی رێژه‌ی ئاوی ڕووباره‌كان بە كه‌مترین ئاستی پێویست کرا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا رێکارەکانی تایبه‌ت به گه‌ره‌نتی كردنی سنووری عێراق له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له ئێران و توركیا تاوتوێ کران، به‌شێوه‌یه‌ك كه ببێته هۆی پته‌وتركردنی سنورەکان و دابین کردنی ئاسایش و سه‌قامگیری زیاتر بۆ وڵات.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا ڕێنمایی و رێکاری تایبه‌ت به خۆپیشاندانی ئاشتیانه و ئه‌ركی پاراستنی پێویست وه‌كو مافێكی ده‌ستووری هاووڵاتیان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان هەڵسوکەوتی هێزه ئه‌منییه‌كانی له‌گه‌ڵ خۆپیشاندەران لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا و پاراستنی ئاسایش و سه‌لامه‌تی خۆپیشاندەرانی به‌رز نرخاند.