سەرۆکی ئەرکان و فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا تاووتوێی پێشخستنی دۆخی تەندرووستیی پێشمەرگەیان کرد
ڕۆژى ١٥ی ئایاری ٢٠٢٣، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازیی لە کۆڵۆنێڵ تۆماس نیکۆلای، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا، کە بەڕێوبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی هاوکاری و هەماهەنگییەکانی وڵاتی ئەڵمانیا لە بوارە جیاجیاکاندا کرا. بە تایبەت بواری پزیشکی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، هەروەها تاووتوێی پلانی وڵاتی ئەڵمانیا کرا بۆ ساڵی ٢٠٢٣، بۆ بەردەوامیدان بە هاوکاری و پاڵپشتییان بۆ پێشمەرگە.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا کار و پڕۆژەکانی داهاتووی تیمی سەربازیی ئەڵمانیا بۆ هاوکاری و هەماهەنگیی هێزەکانی پێشمەرگە و پەرەپێدان بە کەرتی تەندروستی لە وەزارەتی پێشمەرگە باس کرا.
سەرۆکی ئەرکان سوپاس و پێزانینی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ پشتگیری و هاوکاری و هەماهەنگییەکانی هاوپەیمانان و تیمی سەربازیی وڵاتی ئەڵمانیا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەربڕی و دووپاتی کردەوە "گرنگیدانی زیاتر بە بواری پزیشکی لە چوارچێوەی پڕۆگرامی چاکسازی، کاری لە پێشینەی وەزارەتی پێشمەرگەیە، سەرەرای هەبوونی کەموکووڕی، وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت لەم ئەرکەدا، بۆ ئەمەش چاوەڕوانیی زیاترمان لە هاوکاری و هەماهەنگییەکانی دۆستانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەیە، بۆ پێشخستنی بواری پزیشکی و سەرجەم بوارەکانی تر لە وەزارەتدا."