شاندێکی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکا ــ کوردستان سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ دووشەممە ٨ی ئایاری ٢٠٢٣، عبدالخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد صدیق، ئەمینداری گشتی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکا ـــ کوردستان بەسەرۆکایەتی دەیفد تافوری و شاندێکی یاوەریکرد، کە لە بەرپرسانی باڵای کۆمپانیا بەناوبانگەکانی ئەمریکا پێکهاتبوون.
لەدیدارێکدا کە بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لیوار روکن ئیبراهیم صاڵح، ڕاوێژکاری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە ئامادەیبوون، ڕێکخستن و دروستکردنی پردی پەیوەندی نێوان وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و کۆمپانیا ئەمریکیەکان خرایە بەرباس.
بریکاری وەزارەت، تیشکی خستە سەر ڕۆڵی گرنگی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە گرنگ و مێژووی وەسف کرد و هیوای خواست کۆمپانیا ئەمریکیەکان وەبەرهێنانی زیاتر لەکەرتی سەربازی لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن.
لەلای خۆیانەوە شاندی بازرگانی ئەمریکا ــ کوردستان بەگرنگییەوە باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کرد و خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە نێوان وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و کۆمپانیا ئەمریکیەکان بوون لەسەرجەم بوارەکاندا.