Skip to the content

پۆستی راوێژکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاڵوگۆڕ کرا

ڕۆژی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتی عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و بە ئامادەبوونی لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە و راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی و گەورە ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە، ئاڵوگۆڕی پۆستی راوێژکاری وەزارەتی پێشمەرگە کرا.
 
لە رێوڕەسمەکەدا، لیوا روکن هەژار عومەر ئیسماعیل، راوێژکاری پێشووی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، پۆستی راوێژکاری وەزارەتی رادەستی لیوا بەشدار عبدوڵا کرد.
 
لە وتەیەکدا بریکاری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، خۆشحاڵی خۆی پیشان دا بەم ئاڵوگۆڕە و رۆڵ و خزمەتی لیوا روکن هەژار عومەر ئیسماعیلی لە رابردوودا بەرز نرخاند، کە لەو ماوەیەدا خزمەتی بە وەزارەتی پێشمەرگە کردووە لە تەواوی ئەو بابەت و لایەنانەی کە پەیوەست بوون بە بواری راوێژکاری و پەیوەندی و هەماهەنگییەکان و هیوایشی خواست کە لیوا بەشدار عەبدوڵا وەک راوێژکاری نوێ لە ئەرک و کارەکانیدا سەرکەوتوو بێت.
 
پاشان جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە وتەیەکی پێشکەش کرد و سوپاسی هەردوولای کرد و ئومێدی خواست کە لیوا روکن هەژار لە پۆستی نوێدا، وەک راوێژکاری سەربازی لە سەرۆکایەتی هەرێمدا سەرکەوتو بێت، هەروەها لیوا بەشداریش وەک راوێژکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتو بێت، ئامادەیی خۆشی پیشان دا بە هەموو هاوکاری هەماهەنگییەک بە مەبەستی سەرخستنی کاروبارەکان.