Skip to the content

تیمی سەربازیی هاوپەیمانان یەکگرتنەوەى هێزی پێشمەرگە بەرز دەنرخێنن

ڕۆژی دووشەممە، ٨ى ئایاری ٢٠٢٣، لیوا روکن نەجمەدین عومەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ مەشق و ئۆپەراسیۆنەکان، پێشوازیی لە تیمێکی سەربازیی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی کۆڵۆنێل ڤین والت و شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا هاوکارییەکانی هێزی هاوپەیمانان بۆ فیرقەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەڕووی پێداویستییە لۆجستیەکان گفتوگۆی لەبارەوە کرا، هاوکات پلانی مەشق و ڕاهێنانی پەسەندکراوی ساڵانەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی فیرقەکان گفتوگۆی پێویستی لەبارەوە کرا.

لیوا روکن نەجمەدین عومەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەڕاسیۆنەکان، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی شاندی میوان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەربڕی و هاوکات داوای فراوانکردنی بازنەی هەماهەنگی و هاوکاریی زیاتری لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەت لەپرسی مەشق و ڕاهێنان.

شاندی سەربازیی هاوپەیمانان دڵخۆشیی خۆیان بە کارکردن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە دەربڕی و یەکگرتنەوەی چەند یەکەیەکی جیاوازی هێزی پێشمەرگەیان بە هەنگاوێکی گرنگ و پێویست زانی بۆ ئایندەی هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستاندا، هاوکات کۆڵۆنێڵ ڤین والت هاوکاری و پاڵپشتیی هێزەکانی هاوپەیمانانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە.