Skip to the content

جێگری فەرماندەی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا ستایشی چاکسازییەکانی پێشمەرگە دەکات

هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هاوپەیمانان، فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵکردن، بەردەوام بوون لە هاریکاریکردنی هێزی پێشمەرگە بۆ گەشەپێدان وزیادکردنی فرقەکان، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکی ئەرکان و جەنەڕاڵ پیتەر، جێگری فەرماندەی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لەعێراق و سووریا بوو.

ڕۆژى ١ی ئایاری ٢٠٢٣، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازیی لە جەنەڕاڵ پیتەرس، جێگری فەرماندەی دەستەی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا کە عەمید ڕوکن محەمەد سەعید، بەڕێوبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت و کۆڵۆنێڵ هانتەر، ڕاوێژکاری هێزەکانی هاوپەیمانان ئامادەی بوون، برەودان بە زیاترکردنی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هاوکات بەردەوامیدان بە پڕۆسەی چاکسازی و باشترکردنی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵکردن لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان خرانە بەر باس.

لە تەوەرەیەکی دیکەی ئەو دیدارەدا دوایین پێشهاتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان خرایە بەر باس و هەردوو لا بە گرنگییەوە تیشکیان خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بە ئەنجامگەیاندنی بەرنامە و پلانی هاوبەش بۆ لەناوبردنی هزری توندڕەویی داعش و گرووپە تیرۆرستییەکان لە عێراق؛ هاوکات جەنەڕاڵ پیتەرس خۆشحاڵیی خۆی بە هەوڵ و هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە پڕۆسەی چاکسازیی هێزەکان پێشان دا و ئاماژەی بەوە دا هاوپەیمانان گەشبینین بە ئەنجامی پڕۆژەیاسای چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە.