Skip to the content

سمیناری "نوێگەری لە پەرەپێدانی تواناکان" بۆ ژمارەیەک ئەفسەری فەرماندەییی هێزەکانی پشتیوانیی یەک بەڕێوە چوو

ڕۆژى ١٥ی ئایاری ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتیی سیهاد بارزانی، فەرماندەی فەرماندەییی هێزەکانی پشتیوانیی یەکی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە و بە ئامادەبوونی راهێنەران و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەفسەران، فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەک، سمینارێکی لەژێر ناونیشانی نوێگەری لە پەرەپێدانی تواناکان بۆ ئەفسەرانی خولی پێنجەمی بنەڕەتیی ڕشتەی تۆپخانە بەڕێوە برد.

سمینارەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێ کرد و دواتر سیهاد بارزانی، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی یەک لە گوتەیەکدا تیشکی خستە سەر گرنگیی نوێگەری لە پەرەپێدانی تواناکان لەناو ڕێزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هاوکات ڕاشیگەیاند "هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئێستا لە قۆناغی نوێگەری و کرانەوەدایە بە ڕووی پێشکەوتنەکانی زانستی سەربازی و بۆ ئەوەی پەرە بە تواناکانی هێزی پێشمەرگە بدەین، پێویستمان بە بەڕێوەبردنی ئەم خولانە هەیە."

شایانی باسە فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەک لەژێر ڕێنماییی بنکەی ئۆپەراسیۆنەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە کردنەوەی خولی پێنجەمی بنەڕەتیی ڕشتەی تۆپخانە بۆ ژمارەیەک ئەفسەری فەرماندەییەکە هەستا، کە بۆ ماوەی سێ مانگ بە شێوەی تیۆری و پراکتیکی لەلایەن مامۆستایان و ڕاهینەرانی فێرگەی مەشقی فەرماندەییی هێزەکانی پشتیوانیی یەک مەشق و ڕاهێنانیان پێ دەکرێت.