Skip to the content

سەرجەم لیوا و یەکە و دامەزراوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەپشکنرێن

بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە مەبەستی باشترکردنی ڕاپەڕاندنی ئەرک و کارەکانی لیواکانی پیادە و یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، ساڵانە پڕۆسەی پشکنینی فێرکاری بۆ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و لیواکانی پیادە و یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات، ئەمەش بەپێی نەخشەڕێگا و بەرنامەی ورد کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتی داڕێژراوە و وەزارەتی پێشمەرگەش پەسندی کردووە.

بۆ ئەم مەبەستە و لە ڕۆژانی ٢و ٣ی ئایاری ٢٠٢٣، لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتی، پشکنینی گشتیی فێرکارییان بۆ لیوای ٢١ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە کرد.

لیژنەکە پێکهاتوون تەواوی بەشەکانی لیواکەیان، وەک کارگێڕی و تۆماری ڕۆژانە و کۆگاکانی سووتەمەنی و چەک و خۆراک و سەنگەرەکانیان پشکنی و تیایدا ڕێکار و ڕێنماییی نوێیان بە تەواوی بەشەکانی لیوای ٢١ی پیادە دا؛ لای خۆیانەوە بەشەکانی لیوایەکە، ئامادەییی خۆیان دەربڕی بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان بەپێی ئەو ڕێکار و ڕێنماییە نوێیانە، کە لەلایەن پشکنەرانەوە پێیان دراوە، هەروەها کەموکوڕی و پێداویستییەکانی لیواکەیان دەستنیشان کرد و ڕێگاچارەی پێویستیان بۆ دیاری کردن.

ئەم پڕۆسەیە لە ساڵی نوێدا بەردەوام دەبێت و سەرجەم لیوا و یەکە و دامەزراوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە پشکنینیان بۆ دەکرێت.