Skip to the content

سەرۆکی ئەرکان بنکەی مەشقی پیادەی دهۆکی بەسەر کردەوە

ڕۆژى ١٦ی ئایاری ٢٠٢٣، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە یاوەریی لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، سەردانی بنکەی مەشقی پیادەی دهۆکی کرد و لەلایەن فەرماندە و ئەفسەرانی بنکە پێشوازییان لێ کرا.

ئامانج لە سەردانەکەی سەرۆکی ئەرکان بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون بوو لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی خولەکان و شێوازی گوتنەوەی وانەکان، هاوکات لە نزیکەوە گفتوگۆی لەگەڵ ئەفسەر و مامۆستایان کرد بە ئامانجی پەرەپێدانی ئاستی سەربازی لەو بنکەیە لە کاتی بەڕێوەچوونی خولەکان.

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە خۆشحاڵیی خۆی بە توانا و پابەندبوونی بنکەی مەشقی پیادەی دهۆک بە پرەنسیپی سەربازی لە مەشق و ڕاهێنانەکان پێشان دا؛ هەروەها ئامادەییی خۆی دەربڕی بۆ هاوکاریکردن و دابینکردنی هەموو پێداویستییەکی بنکە و فێرگەکانی مەشقی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە.