Skip to the content

شاندێکی سەربازی هاوپەیمانان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ڕۆژی ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٣ لیوای ئەندازیار نەبەز سەلاح سدیق، بەڕێوەبەری چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پێشوازی لە کۆلۆنێڵ ڤان دالین و شاندی یاوەری لە تیمی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا باس لە کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی کرا و تیشک خرایە سەر هەردوو پڕۆژەی ستراتیجیەتی سەربازی و کارنامەی هێزی پێشمەرگە، کە دوو لە پرۆژە گرنگەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازییە، هاوکات باس لە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی هاوپەیمان کرا.

لەتەوەرێکی دیکەدا، باس لە پرۆژەکانی تری بەڕێوەبەرایەتییەکە کرا، وەک ئەو پرۆژانەی کە لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان واژووی لەسەرکراوە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە پشتگیری دەکرێن.