شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە تاجە گوڵینە لەسەر گڵکۆی سەربازی ون لە فەرەنسا دادەنێت
ڕۆژی چوارشەممە ١٧ى ئایاری ٢٠٢٣، شاندێکی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت بە ئاڵای کوردستان و فەڕەنساوە بەشداریان لە ڕێوڕەسمێکی سەربازی لە پاریس کرد و تاجە گوڵینەیان لەسەر گڵکۆی سەربازی ون دانا.
سەردانی شاندی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بۆ وڵاتی فەرەنسا دوای سەردانی شاندی فیدراسیۆنی نیشتمانی جەنگاوەرانی دێرینی ئەو وڵاتە هات بۆ هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەش دوای ئەوەی شاندەکە بانگهێشتنامەی فەرمییان پێشکەش بە وەزارەت کرد بۆ ئەوەی سەردانی وڵاتی فەڕەنسا بکەن.
لەو سەردانەدا شاندی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە چەندین دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی وڵاتی فەرەنسا ئەنجام دا.
لە میانی دانانی تاجە گوڵینە لەسەر گڵکۆی سەربازی ون عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە وتەیەکدا ئاماژەی بەوەدا کە فەڕەنسا لە هەموو قۆناغەکاندا هاوکاری کوردستان و پێشمەرگە بووە.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ڕاشیگەیاند:" ئەم سەردانەمان لەسەر داوای فیدراسیۆنی نیشتمانی جەنگاوەرە دێرینەکانی فەڕەنسا و بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییە دێرینەکانی نێوان فەڕەنسا و هەرێمی کوردستانە.''
مێژووی دروستبوونی کەوانەی سەرکەوتن، یا سەربازی ون لە پاریس بۆ سەردەمی ناپلیۆن دەگەڕێتەوە، کە یەکێکە لە سیمبولە نیشتمانییەکانی فەڕەنسا و ساڵانە زۆربەی ڕێوڕەسم و بۆنە نیشتمانییەکانی ئەم وڵاتە لەم شوێنە بەرێوەدەچێت، وەکو ڕێزگرتنێک بۆ قوربانییانی سوپای فەڕەنسا کە لەماوەی ڕابردوودا گیانی خۆیان بەخشیووەتە وڵاتەکەیان.