Skip to the content

فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەک خولی ڕاهێنانی ساڵانەی چەکە قورسەکانیان بەکۆتا هێنا

ڕۆژى چوارشەممە، ٣ی ئایاری ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی سیهاد بارزانی، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی ١ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە و لیوا ڕوکن هۆشمەند حەیدەر ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، نوێنەری فەرماندەیی هێزەکانی (٨٠) و کۆڵۆنێڵ تۆماس نیکۆڵای، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و فەرماندەی هێزەکانی هۆڵەندا، ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی ڕاهێنانی ساڵانەی چەکە قورسەکان بەڕێوە چوو.

لە دەستپێکی ڕێورەسمەکەدا فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەک ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی پلانی پەسندکراوی ساڵانەیان، بەردەوامی بە بەرنامەی مەشق و ڕاهێنانی هێزەکانیان دەدەن بە ئامانجی بەرزکردنەوەی توانای هێزەکانی پێشمەرگە کە دەبێتە هۆکارێکی بەهێز بۆ پاڵپشتیکردن لە هێزەکانی پیادە لە بەرەکانی جەنگدا، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی یەک سوپاسی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد بۆ پاڵپشتی و هاریکاریکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

لەلایەن خۆیانەوە فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا و هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند: وەک هاوبەشێکی ستراتیجی لە پێشمەرگە دەڕوانن و هاوکاری و پاڵپشتیی خۆشیان بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە، بەتایبەت لە پرسی مەشق و ڕاهێنان و ڕاوێژپێدان بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ڕێکخستنەوەی هێزە جیاوازەکان بۆ زیاتر بەهێزکردنی سەرکردایەتی و کۆنترۆڵکردن لەناو هێزی پێشمەرگەدا.

لەم خولەدا ئەفسەر و پێشمەرگەکانی هێزی پشتیوانیی یەک بە درێژاییی کاتی خولەکە بە شێوەیەکی چڕوپڕ مەشقیان لەسەر چەکە قورسەکان کرد؛ فەرماندەییی هێزی پشتیوانی یەک، هاوشان لەگەڵ فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی٢ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەرکی پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پیادەی پێشمەرگەی کوردستانیان لە ئەستۆدایە، وەک ئەوەی لە ڕابردوو ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە بەرەکانی جەنگ دژی داعش و پارسەنگی جەنگیان لە بەرژەوەندیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان یەکلایی دەکردەوە.