Skip to the content

نوێنەری حکومەتی ئەڵمانیا بۆ نەخۆشخانەی پێشمەرگە کۆتایی ئەرکەکەی راگەیاند

 
رۆژی ۱٤ی ئایاری ٢٠٢٣، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، پێشوازی لە ماتیاس فاکنەر، نوێنەری حکومەتی ئەڵمانیا بۆ نەخۆشخانەی پێشمەرگە و بەرپرسی پڕۆژەکان لە رێکخراوی (GIZ) کرد. 

لە دیدارێک دا، نوێنەری حکومەتی ئەڵمانیا بۆ نەخۆشخانەی پێشمەرگە، کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی بە سەرۆکی ئەرکان راگەیاند.

سەرۆکی ئەرکان سوپاسی ماتیاسی کرد کە لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کارەکەی لە هەرێمی کوردستان و هاوشان لەگەڵ ستافی نەخۆشخانە و هێزی پێشمەرگە کاری کردوە بۆ سەرخستنی بەرنامە و پلانەکانی نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە پێشخستنی کار و بارەکانیان. 
 
سەرۆکی ئەرکان، سوپاسی تیمی سەربازی وڵاتی ئەڵمانیاشی لە هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند:''ئەڵمانیا لە رێگەی ڕاوێژکارانی سەربازییەوە هاوکار و پاڵپشتیکارێکی بەهێزی پێشمەرگە بوون، بەتایبەت لە پێشخستنی بواری تەندروستی لە وەزارەتی پێشمەرگە. ''

لەلایەن خۆیەوە نوێنەری حکومەتی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان و نەخۆشخانەی پێشمەرگە رایگەیاند:''کارکردن لە هەرێمی کوردستان هاوشانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەزموونێک بوو جێگای شانازیمە.''
 ئاماژەی بەوەشدا کە لە ماوەیەکی نزیکدا جێگرەوەی بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکان دەگاتە نەخۆشخانەی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان.